وەزیری بەرگری ئەمەریكا: پابەندین بە پەیوەندی درێژخایەن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان




11/12/2009


ئەمڕۆ هەینی 11/12/2009 بەڕێز رۆبەرت گەیتس وەزیری بەرگری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەسەردانێكی فەرمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەلایەن بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیەكی گەرمی لێكرا.


لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە وەزیرانی پێشمەرگەو ناوخۆ و سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی و لەلایەن شاندی ئەمەریكاش باڵیۆز كریستۆفەر هێل و ژەنەڕاڵ جاكۆبی و ژمارەیەك لە بەرپرس و كاربەدەستانی وەزارەتی بەرگری و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عیراق ئامادەی بوون.


بەڕێز رۆبەرت گەیتس وەزیری بەرگری ئەمەریكا سوپاسی رۆل و سەركردایەتی سەرۆك بارزانی كرد لە تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و رایگەیاند كە ئەم سەردانە بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی لەسەر راسپاردەی بەڕێز ئۆبامای سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە بۆ تەئكید كردن لەسەر بایەخی دۆستایەتی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاو هەرێمی كوردستان و پابەند بوون بە رێكەوتنی ئاسایش و رێكەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمەریكا و عیراق و هاوكاری كردنی كوردی زۆر بە پێویست زانی بۆ سەرخستنی جێبەجێ كردنی ئەو رێكەوتننامانەو مسۆگەركردنی عیراقێكی بەهێز و سەقامگیرو یەكگرتوو.


هەروا رایگەیاند كە هاتووە بۆ دووپاتكردنەوەی پەیامی سەرۆك و جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە پابەندبوون بە دۆستایەتی و هاوبەشی درێژخایەن لەگەڵ عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە، لەم رووەوە پابەند بوونی ئەمەریكای لە سێ خاڵی سەرەكی دووپات كردەوە.

یەكەم: بەڵێنی یارمەتیدانی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و یاسای نەوت و داهاتی نەوت و پرسی كەركوك ئەویش بە گەڕانەوە بۆ دەستوورو ماددەی 140.


دووەم: بەردەوام بوون لە هەوڵەسەربازیەكان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق و هێزەكانی ئاسایشی عیراق لە چوارچێوەی پێكهاتەی ئاسایشی هاوبەش.


سێیەم: دابینكردنی یارمەتی و پشتگیری كردن لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری لە عیراقدا لە ساڵی داهاتوو.


لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریكا ئاماژەی بەوە كرد كە وەك ئەمەریكا هەست بە نیگەرانی سەرۆك بارزانی دەكەین سەبارەت بە ئایندەی گەلی كوردستان، بۆیە جەخت لەسەر پەیوەندیەكی درێژخایەن دەكەینەوە بۆ پاراستنی ئێوە و حوكمی خۆبەخۆیتان و خۆشگوزەرانیتان لە چوارچێوەی عێراق و هەروا رایگەیاند كە باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا باشترین رێگەیە بۆ بەرفراوانكردنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان و ئێمەش هەمیشە لەگەڵتان دەبین.


هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریكا داوای لە هەموو لایەك كرد كە لە دوای هەڵبژاردن پێویستە:


1- پابەندبوون بە یەكێتی نیشتیمانی.

2- نەرمی نواندن لە سیاسەت و هەڵوێستیان.

3- ئاستی داواكاریەكانیان لەڕادەبەدەر نەبن و نەبنە هۆی ئەوەی كەلایەنی توندڕەوو تیرۆریست سودی لێوەرگرن.

4- كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە بێنە چارەسەركردن.


لە كۆتایی ووتەكانیشیدا وەزیری بەرگری بەناوی سەرۆك ئۆباماوە بانگهێشتی سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەردانی واشنتۆن و فەرمووی بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی سەردانەكە دەكەین.


لەبەرامبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری بەرگری ئەمەریكای كرد بۆ سەردانی هەرێم و گەیاندنی ئەو پەیامەو رایگەیاند ئەو پەیامە ئاواتی گەلی ئێمە بوو، ئەمە یەكەم جارە خودی سەرۆكی ئەمەریكاو جێگری سەرۆكی ئەمەریكاو ئێستاش لە رێگەی ئێوەی بەڕێز ئەو پەیامە دووپات دەكرێتەوە، بۆیە بەناوی گەلی كوردستان بۆ ئێوەو لەڕێی ئێوەش بۆ سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دووپات دەكەینەوە كە ئێمە فاكتەری یاریدەدەر دەبین و قەت نابینە بەشێك لە كێشەكان، بەڵكو لەگەڵتان دەبین وەك بەشێك لە چارەسەرو بە هەموو توانایەكمانەوە هەوڵ دەدەین هەموو عیراق سەقامگیربێت، لە چوارچێوەی عیراقێكی دیموكراتی و فیدڕاڵدا بەئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین كە یەكێتی عیراق بپارێزین و هەركاتێك گیروگرفتیش رووبدات پێویستە ئەم دەستورە حەكەم بێت.


سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووش، سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە لە ئاداری داهاتوو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز ئەنجام دەدرێت، مەرج نیە هەموو داواكارییەكان بە دڵی ئێمە كۆتایی هاتبێ، بەڵام لە سیاسەت و دانووستان ناكرێ داواكارییەكانی بەرامبەریش بە هەند هەڵنەگیری و دووپاتیشی كردەوە كە ئەو پابەند بوونانەی ئەمەریكا بۆ پشتیوانی كردنمان لە یەك یان دوو كورسی زیاد یان كەم كرنگتر و پڕ بایەخترە.


هەر لەم رووەوە سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە كردەوە كە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ئەمڕۆ هیچ لایەنێك ناتوانێ بە تەنیا بڕیار بدات، بەڵكو پێویستی بە سازدانی هاوپەیمانی هەیە لەگەڵ لایەنی تر، بۆیە لێرە گرنگە كە هاوپەیمانیەتیەكان لەگەڵ ئەو هێزانە بكرێ كە باوەڕیان بە دیموكراسی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە هەیە.


سەرۆك بارزانی پێداگیری لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان كردەوە كە لە هەمان سەنگەرداین لەگەڵ ئەمەریكا لە دژی تیرۆر و ئەوانەی دژ بە ئازادی و دیموكراسین بۆ عێراق و ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ هێنانە كایەی عێراقێكی سەقامگیرو دوور لە تیرۆر.

لە تەوەرێكی دیكەی دیكەی وتەكانیدا، سەرۆك بارزانی سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی كوردستان ئەئكیدی كردەوە كە ئێمە خەریكی بونیاد نانی دامەزراوە دەستوورییەكانین و و هەوڵەكانمان خستۆتە گەڕ بۆ دابینكردنی ئاییندەیەكی گەش بۆ گەلەكەمان و یەكخستنی هێزەكان پێشمەرگە (پاسەوانی هەرێم) و ئاسایش كە لە ژێر پێكهاتە و فەرمانی حكومەتی هەرێم دابن. سەبارەت بە بانگهێشتكردنەكەش، سەرۆك بارزانی بە خۆشحاڵیەوە ئەو بانگهێشتە فەرمیەی پەسند كرد.


شایانی باسە وەزیری بەرگری ئەمەریكا دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا و شاری كەركوك نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێری پایتەخت و لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەم د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.





SOURCE:: KRP.org PAGE HIT:: 1581  



























هه ڵبژارده‌
دیداری فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ كوردستان TV
كۆنگرەیی ڕۆژنامەوانیی سه‌رۆكی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكی لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی ماوە تەواوبووی ئێراقی فیدراڵ
وتاری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێوڕه‌سمی كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان
دیداری فوادحسین سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان
فوئاد حوسێن لە كۆڕێكی سەنتەری( Atlantic Council in D.C) دا
شاندی كوردستانی لەئەمەریكا بۆچوونەكانی سەركردایەتی سیاسی و سەرۆك بارزانی بۆ بەرپرسانی ئەمەریكا و ڕەوەندی كورد ڕوون كردەوە
دەقی دیمانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گۆڤاری گوڵان
سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ‮ الشرق الأوسط :‬
كۆنگرەی رۆژنامەوانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای كۆتاییهاتنی سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێزیان بۆ توركیا وئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا
كۆنگره‌ی‮ ‬رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا