
Loading...
![]() | | | | فواد حسین: هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ناكات ئه‌گه‌ر چاو به ژماره‌ی كورسی پارێزگاكاندا نه‌خشێنرێته‌وه | | | | |
سه‌باره‌ت به‌و میكانیزمه‌ی گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ دیاریكردن و دابه‌شكردنی كورسی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له عێراقدا به پێی پسووله‌كانی خۆراكی وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق، هه‌روه‌ها بۆ خستنه‌ڕووی هه‌ڵوێستی گه‌لی كوردستان له به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسه گرنگه‌ی په‌یوه‌سته به سه‌رله‌به‌ری پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا، فواد حسین سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكدا گوتی كه به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی زۆر به‌وردی ئاگاداری ئه‌م هه‌موو بگره‌وبه‌ردانه‌یه و به بایه‌خیشه‌وه لێیان ده‌ڕوانێ، و ئه‌گه‌ر چاو به پرسی دیاریكردن و دابه‌شكردنی كورسی ته‌رخانكراو بۆ پارێزگاكانیشدا نه‌خشێنرێته‌وه، ئه‌وه گه‌لی كوردستان ناچاره له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا به‌شداریی نه‌كات.
له‌مباره‌یه‌وه فواد حسین گوتی: به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه له توانادا نییه ئه‌م شێوه‌میكانیزمه قبووڵ بكرێ سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی كورسی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا به پشت به‌ستن به پسووله‌كانی خۆراكی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و میكانیزمه هاودژه له‌گه‌ڵ مه‌نتیق و واقیعدا، گرتنه‌به‌ری شێوازێكی له‌م جۆره بێجگه له‌وه‌ی راستییه‌كان ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه، سته‌م و ناحه‌قییه‌كیشه ده‌رهه‌ق به مافه‌كانی گه‌لی كوردستان.
فواد حسین هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێی وایه مه‌به‌ست له پیاده‌كردنی ئه‌و میكانیزمه‌یه كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی كوردستانه له په‌رله‌مانی عێراق و له‌باربردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستانیشه.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا فواد حسین گوتی: به‌ڕێز سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستێكی روونه و ئاشكرای هه‌یه سه‌باره‌ت به‌م هه‌موو بگره‌وبه‌ردانه‌ی هاتوونه‌ته ئاراوه و به‌ڕێزیان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه‌ئه‌گه‌ر چاو به پرسی چۆنیه‌تی دیاریكردنی كورسی بۆ پارێزگاكان نه‌خشێنرێته‌وه به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه، ئه‌و كاته گه‌لی كوردستان ناچار ده‌كرێ به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقدا نه‌كات.
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یشیدا سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم داوای له هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان كرد به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆیان له ئه‌ستۆ بگرن و نه‌چنه نێو پرۆسه‌یێكی ساخته‌كاریی گه‌وره‌ی له‌م شێوه‌یه‌دا كه هه‌رێمی كوردستان و تێكڕای ده‌ستكه‌وته دیموكراسییه‌كانی عێراقی كردۆته ئامانج.
|